
بەڕێوەبردنی پڕۆژە چییە؟
واتە بەکارھێنانی مەعریفە، کارامەیی و ئامرازەکان، کە ھەمووی لە پێناو بەدیھێنانی پێداویستی و ئامانجی پڕۆژەکەیە، پێویستە لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەدا توانایەکی دانپێدانراو و لێھاتوویەکی باش ھەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە هەمووان خاوەن ڕەوشتێکی بەرزی کارکردنبن.
پێناسەی پڕۆژە:
پڕۆژە واتە کۆمەڵێک ئەرک و چالاکی کە پێویستە تەواوبکرێ لە چوارچێوەی کات، کوالیتی گونجاو و ڕەچاوکردنی تێچووی دیاریکراو، واتە پڕۆژە سەرەتا و کۆتایی ھەیە کە لەلایەن تیمی پڕۆژەوە بەڕێوە دەچێت ، هەموو ئەمانەش لە پێناو گەشتن بە ئامانجی ڕێخراوەکە و ئەو قازانجەی کە پێشبینیمان بۆ کردووە.
سێ بنەمای سەرەکی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژە:
١– کات :- وەک سەرمایەیەکی بێهاوتایە بۆ بەڕێوەبەرانی پرۆژەکان، پێویستە کات بە وردی پلانی بۆ دابنرێت، واتە دیاریکردنی بەهای کات بۆ هەر ئەرک و سەرچاوەیەک و هەر هەنگاوێکی پڕۆژەکە.
٢– کوالیتی :- پرۆسەیەکە کە بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن پڕۆژەیەک دەبێت بەردەوامی هەبێت وە بگات بە کوالیتی خوازراو، کاتێک کوالێتی گونجاوت بەدەست هێنا بۆ پڕۆژەکەت ئەوا بەکارهێنەرانت یان کڕیارەکانت دڵخۆش دەبن بەو بەرهەم و خزمەتگوزاریانەی کە وەریدەگرن، واتە دەتوانین بڵین بەڕێوەبردنی کوالیتی بریتییە: لە مسۆگەرکردنی ئەو پێداویستیانەی کە کڕیار ڕازی دەکات.
٣– تێچوو :- تێچووەکان ئەو قەوارەیەیە کە خەمڵاندنی بۆ دەکەیت کاتێک پڕۆژەیەک دروست دەکەیت، واتە ئەو پارەیەیە کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت و کۆنتڕۆڵی دەکەیت تا کۆتایی پڕۆژەکە، تێچووەکان سنووردار نین، بەڵکو بە ئەندازەی کار و چالاکیەکانی تایبەت بە پڕۆژەکەت دیاری دەکرێت.
هێڵکاری گەشتن بە تازەترین ستراتیجی پڕۆژە:

١– top-down perspective ( لە سەرەوە بۆ خوارەوە):-
پەیوەندی نێوان کارگێڕی باڵاو پڕۆسە کارگێڕییەکانی تر دەگرێتەوە، واتە تەواوی کار و چالاکییەکان لە ئاستی باڵاوە شۆڕدەبێتەوە بۆ ئاستی مامناوەند و جێبەجێکار بە مەبەستی جوڵاندن و کارکردنی هەر یەک لە بەشەکانی (بازاڕگەری، سەرچاوەی مرۆیی، دارایی، بەرهەمهێنان، تەکنەلۆجی و هتد…) ئەمەش لە پێناو گەشتن بە ئامانجی دیاریکراوی ڕێخراوەکە.
٢– inside-out perspective ( لە دەرەوە بۆ ناوەوە):-
ئامانجمان ئەداکردن و کارامەیی ڕێخراوەکەیە بە تایبەت لە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕاوەکانی “دەرەوەی ژینگە” واتە دەبێت ڕێکخراو هەمیشەو هەموو کات (خواستی کڕیار + پێداویستی گۆڕاویی کڕیار) لە بازاڕەکەیدا پڕبکاتەوە.
٣– Bottom-up perspective( لە خوارەوە بۆ سەرەوە):-
لەم بەشە جەخت دەکرێتە سەر ئاستی کارگێڕی جێبەجێکار کە تیایدا ئێمە دەتوانین بەوە بگەین کە لەم ئاستەدا هەمیشە دوو فاکتەر لە بەرەو پێش چووندایە ئەویش (ئەزموون و فێربوون)ە ئەکرێ ئەم دوو دەستەواژەیە ئاڕاستەی ئاستەکانی سەر و خۆی بکات بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و نوێـگەری لە ڕێکخراوەکەماندا.
٤– Outside-in perspective ( لە ناوەوە بۆ دەرەوە):-
لێرەدا گرنگی و تێڕوانینەکان لەسەر ڕکابەرەکانتە کە پێویستە ڕێخراوەکە کارێک بکات جۆرە ستراتیجێتێکی هەبێت بۆسەرچاوەی “کاڵا و خزمەتگوزارییەکان”ـی کە «کەس هاوشێوەی سەرچاوەکەی ناو ڕێخراوەکەی تۆ بەکارنەهێنێیت یان گەر بەکاری هێنا تێچووی هێندە بەرزبێت کە نەتوانێ ڕێکخراوی بەرامبەر بەردەوامی بدات بە کار و بەرهەمەکانی».
سوودەکانی بەڕێوەبردنی پڕۆژە:
بەڕێوەبردنی پڕۆژە دەتوانێ یارمەتی ڕێکخراو بدات لە پلاندانان، ڕێکخستن، ئاڕاستەکردن و چاودێریکردن، وە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی خوازراو، ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی پرۆژەکان، کاری بازرگانی لە ناوەوە بۆ دەرەوە باشتر دەکەن، بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە کە هەندێک لە کۆمپانیا سەرکەوتووەکانی جیهان پشت بە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان دەبەستن چونکە دەبێتە هۆی:-
١– بەڕێوەبردنی تێچوو و کات و کوالێتی.
٢– زیادکردنی بەرهەمهێنان.
٣– باشترکردنی پەیوەندیەکان.
٤– باشترکردنی ڕەزامەندی بەکاربەران.
٥– کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی دووچاری پڕۆژەکە دەبێتەوە
ئــامــادەکردنــی مـامۆستـا:
هـــێـــــلــیـــــن طــــــاهــــــــر