فام هەڵبژاردەی ئەو کەسانەی بە باشترین نەبێ ڕازینین

لە خوێندنگاکەمان زەنگێک بە بنمیچی ژوورەکانەوەیە، کە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە هەبێت ئەوا زەنگ لێدەدات. زەنگێکی تریش بۆ کاتی تەواوبوونی وانەکان. بەڕێوبەریش زەنگێکی هەیە کە داواکاری هەبێت ئەوا دییییینگ دەستی پێدادەنێت. کۆمپیوتەرەکەشم کە ڤایرۆسێکی بۆ دەچێت هەر دووبارە ئاگادارکردنەوەم دەداتێ. جا گەر بیربکەینەوە لەم ژیانەدا لە یەکەم دەرگای چوونە ژوورەوەی هەر شوێنێک، شتێک، گیانێک، هەسارەیەک، جیهانێک و ….هتد، زەنگ و ئاگادارکەرەوەیان هەن. لات سەیر نەبێت خاوەنی هەر شتێک بین زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی هەیە، تەنانەت خوێندکارەکانیشمان. جا تۆ بڵێی زەنگەکەی دەنگەکەی چۆن بێت؟ کەی لێ بدات؟ بۆ لێبدات؟ بە کوێوەیە؟

 ئەگەر بێتوو مامۆستایان چاوپۆشی و پشتگوێخستن نەکەن ئەوا وەڵامی زەنگەکە زۆر ئاسانە. چۆن؟ من وانە دەڵێمەوە و ئەرکەکەم جێبەجێ دەکەم، تا بتوانم دڵی خوێندکارەکانم ڕادەگرم و بەڕێوبەرەکەشم لێم ڕازییە. بەڵام هەمیشە بێزاردەبم لە بیانووی منداڵەکان، چونکە ئەوان بەڕاستی بیانووگرن! ناکرێت من ئەو هەموو چالاکییە چێژبەخشە دەکەم و هەندێک نایانەوێت بەژداربن! ناکرێت هەمووکات کەرەستەکانی خوێندنگەیان لەبیربچێت لە ماڵەوە؟! ئاخر چۆن دەبێت کاژێر ٨ ی بەیانییە و توڕەن؟! بۆ دەبێت ئەرکەکانیان نەکەن؟! هەندێک لەگەڵ کەسدا ناگونجێن و بەردەوام کێشەیان هەیە! هەندێک ….هتد.

بەژدارینەکرد لە چالاکییەکان، دەکرێت بە هۆکاری بڕوابەخۆنەبوون و بوونی کێشەیەکەوە بێت کە لە بنچینەدا بۆ من و تۆ کێشە نییە، بەڵام دەروونی منداڵێکی پێ لەرزیوە و باری مێشک و دڵی لە بارێکی جێگیردا نییە. من چێژ لە وانەکەی تۆ نابینم، ناشتوانم وات پێبڵێم، کەواتە ئەوەی بۆ وانەکەی تۆ پێویستە نایهێنم تا تێبگەیت کە بەڕاستی بێزارکەری بۆ من. هەروەها، توڕەبوون و شێتگیری منداڵ/خوێندکار لە پێویستییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک هۆشەکییانە، جا پێویستیەکە کەسێک هۆکار بێت بۆ نەبوونی یا شتێک یاخود قسەیەک. هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بوونی دەسەڵات لە خۆشەویسترینەکانی هەر منداڵێکن، کاتێک منداڵێک/خوێندکارێک ئەرکەکانی ناکات لەبەر نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتی نییە، بەڵکو لەبەر نەبوونی هیچ هاندەرێکە کە وای لێبکات ئەرکەکەی بکات. مامۆستاکەم هەم لە من گەورەترە و هەم دەسەڵاتدارتر، بەڵام خۆ بە هاوپۆلەکانم دەوێرم و دەتوانم دەردی نەبوونی پەیوەندیم بە مامۆستاکەمەوە بە ئەوان بڕێژم. دوێنێ دایک و باوکم شەڕیانبوو، کەشی ماڵمان زۆر نالەبارە، هەموو ئەو پەستانانە مێشکیان ماندووکردووم، دەبێت بە زەبری جەستەم بەتاڵیان بکەمەوە.

هەمو,و ئەو بیانووە بەناو بیانووانەی سەرەوە شتێکمان پێدەڵێن: من هیچ هاندەرێکم نییە، بۆیە ئەمانە زەنگی ئاگادارکردنەوەن و تکایە ئاگاداربە. هیچ نابێت لامان سەیربێت کە نەکردنی ئەرکەکان، لەبیرچوونی کەرەستەکان، بەژدارینەکردنی یارییەکان، شێتگیری و نەگونجان و…هتد، هەر هەموویان زەنگەکەن کە ئاماژەمان پێدا. مەرج نییە وانەکان و پەیوەندییەکان بۆ هەمووان وەک یەک بە یەکسانی هاندەربێت. هاندان بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە، هەندێک بە بڕێکی کەم پێویستییەکەیان پڕ دەبێتەوە چونکە خانەی بەتاڵییان کەمە یان هەر نییە. بەڵام، هەندێک بەڕاستی پێویستیان بە پەیوەندی جیاواز و کاریگەرترە تا خانە زۆرەکانیان پڕ بکەنەوە. گەر بڕیاربێت ئێمەی مامۆستا بە یەک دەستبەسەردا هێنانی خوێندکاران بتوانین پێویستی هەمووان پڕ بکەینەوە، ئەوا دیارە هێشتا زەنگەکەمان پشتگوێخستووە.

نووسینی: سۆنیا جەلال فەرەج

یاریدەدەری بەڕێوبەر لە فام سکووڵ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *