
پێویستە مامۆستا چی بکات؟ چۆن کار بکات؟ چ تواناکارییەک لە فێرخوازدا دەبینێت؟ چۆن بتوانێت کارایی خۆی و فێرخوازەکانی بەرز بکاتەوە؟
مامۆستایان ئینسانێکن پێویستییان بە گەشەکردنێکی بەردەوام ھەیە لە بوارێکدا، کە ئەندازەیەکی کاریگەریی بەرزی ھەیە لە بەرجەستەکردنی کارایی و بەرزی کردنەوەی ئاستی خوێندکار، دیداکتیک بەشێکە لەو تواناکرییە کاریگەرانە، کە ئەندازەی کاریگەرییەکەی دەگاتە. (0,79) دیداکتیک باڵکێشترین بەشی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنە، کە ئاڕاستەی گەشەسەندنی مەعریفی فێرخوازان بەرەو ئاڕاستەیەکی بنیادنەرانە دەگۆڕێت. ھەموو ئەو ئامڕاز و شێواز و مێتۆدانە دەگرێتەوە کە مامۆستا بەکاری دەھێنێت بە مەبەستی گەیاندنی بابەتێکی دیاریکراو بە فێرخوازانی.دەوترێ سیستەمی وانەدانەوەی مامۆستا و فێربوونی قوتابی وەکوو دوو ڕووی دراو وان، لەیەک جودانابنەوە، ھەمیشە بەرانبەری یەکترن و یەکتریش نابینن، تەنیا دەتوانن لە سێبەری پرسیار و ڕوونکردنەوەدا پرسەکان لێکبدەنەوە و پرسیاری تریان لا دروست بکات، کە ببێتە بنچینەیەک بۆ فێربوون و گەشەکردنیان. کەوایە مامۆستا دەبێ ھەمیشە چەند پرسیارێکی بنچینەیی بوروژێنێ، بۆ نموونە، فێرخواز کێیە؟ چەند دەزانێ؟ بە چ شێوەیەک خۆی فێردەکات؟ ئایا ڕێگەی باشتر ھەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاراییەکەی؟ بۆ ئەم مەبەستە پڕۆسەی وانەدانەوە پێویستی بە لێھاتوویی مامۆستا ھەیە لە چەن بوارێکی گرنگدا کە بریتییە لە:
– «پەیوەندی و فێربوون«
– «میتۆدەکانی وانەگوتنەوە«
– سازکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەھێز لەگەڵ فێرخوازاندا، بۆ مامۆستایان بە ھونەرێکی گرنگ ھەژمار دەکرێت. دەبێت ئەوان لە ئاستی منداڵان و فێرخوازاندا گوێگرێکی باش و کارامە بن. بەو مانایەی دەبێت مامۆستا گوێ لە ڕەخنە، ستایش و بیروبۆچوونی فێرخوازان بگرن و ھەوڵ بدەن بەپێی دەرفەت ئەو گۆڕانکارییانە لە خۆیان، شێوازی کارکردنەکەیان، مێتۆدی وانەگوتنەوەکەیان و تا دوایی… دروست بکەن.- پەیوەندی و فێربوون وابەستەن، ڕەخساندنی کەش و پەیوەندییەکی باش، زەمینە و کات، دانایی و کارامەیی و کارزانی مامۆستای گەرەکە… کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی تێڕوانینی گەش و پۆزەتیڤانەی فێرخواز بەرانبەر مامۆستا.
لێرەدا تیشک دەخەمە سەر چەن مێتۆدێکی گرنگی وانەوتنەوە:
١- ڕۆڵبینین Role – Play –
مێتۆدێکی فێربوونە، مەبەست لێی بەرجەستەکردنی پرۆسەی فێربوونە، واتە ھەڵبژاردنی بابەتێک و پێشکەشکردنی بە شێوازی نمایش، لەلایەن مامۆستاوە، یانیش فێرخواز.
٢- فێربوون لە ڕێگەی کردەییەوە Learning by Doing –
جۆن دیوی دەڵێت: « لەڕێگەی زانینەوە فێری کارکردن ببە و لە ڕێگەی کارکردنەوە بزانە» فێربوونی کردەیی مێتۆدێکە فێرخواز لەڕێگەی وانە کردەییەکان، تاقیگە، گرفت چارەسەرکردن، ئەزموونی کردەیی و پڕۆژەوە فێری دەبێت، نەک تەنھا لەڕێگەی تیۆری و دانیشتن لەنێو پۆلەکاندا.
٣- مێتۆدێکی بینراو– Visible Methodic
بریتییە لە مێتۆدیکی کردەیی لەنێو پۆلەکاندا، واتە مامۆستا چۆن قسە دەکات و بابەتەکان ڕوون دەکاتەوە، چۆن وایتبۆرد و ماجیک و مەتریاڵەکان بەکاردەھێنێت، چۆن وەڵام دەداتەوە، چ ڕێگایەک بۆ بەرجەستەکردنی وانەکانی پیادە دەکات، ھتد …
سەرەنجام، وانەگوتنەوەی کاریگەر فێرخوازان فێر دەکات چۆن لەسەر ئاستی مێشک پلان دابنێن و چۆن ئەو پلانە پیادە بکەن، چۆن فێرببن و گوزارشت لەو شتانە بکەن کە فێری بوون، وە بە ئاگاییەوە ڕێگاکانی فێربوونی خۆیان دیاری بکەن. دواجار فێریان دەکات چۆن نوێگەر بن، داھێنەر بن. مامۆستایەتی پڕاکتیکە. زانیاری مامۆستا و ستراتیژی وانەووتنەوەی گونجاو کۆڵەکەی بنچینەیی پڕۆسەی فێربوون و فێرکردنن.
نووسینی: مامۆستا بانۆ عوسمان
مامۆستا لە فام سکووڵ
12ـی 10ـی 2022