فام هەڵبژاردەی ئەو کەسانەی بە باشترین نەبێ ڕازینین

✓ پیاژێ دەڵێت: «پێگەیشتن» بنەمایە بۆ «تێگەیشت»
✓ ڤیگۆتسکی دەڵێت: «تێگەیشتن» بنەمایە بۆ «پێگەیشتن».

🔹 لە دیدی «پیاژێ»ـوە، «فێربوون و تێگەیشتن» وابەستەی گەشەی بایەلۆژیی – تەمەنی هزری (مەعریفی) زارۆکە. واتا منداڵ لە تەمەنێکی دیاریکراو دەتوانێت فێری بابەتیکی دیاریکراو بێت، ناگونجێت بابەتی فێرکراو لەتەمەنی زارۆک باڵاتر و بەرزتر بێت. بە واتایەیی دیکە، سەرەتا دەبێت گەشەی هزری – کە بەندە بە تەمەنی بایەلۆژیی بسازێ و بڕەخسێ، دواتر فێربوون شوێنگەی خۆی لە زهندا دەکاتەوە و ستراکچەکانی فێربوون دادەڕژێن. کۆی باباتەکە دەکاتەوە: «گەشەکردن – زەمینەیە بۆ فێرکردن»

🔹 بۆ نموونە: منداڵ لە تەمەنی 4 ساڵی کە لەقۆناغی هەستەکییە، کۆنتاکتی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە ڕێگەی هەستەوەرەکانەوەیە. لەم قۆناغەدا دەتوانێت لە ئاستی زارەکی – ئۆڕاڵی تا ژمارە 30 فێربێت – بیڵێتەوە بەڕیزبەندی. جگە لەمە سەخت دەبێت و لۆد دروست دەکات، لە ئامانجە فێرکارییەکان داوابکرێت یان فێری خوێندنەوە و نووسینەوە بکرێت، چونکە تەمەنی بایەلۆژی و گەشەی زهنی ڕێبەستە بۆ ئەم ئامانجە بەرفراوانە.

🔹 لەڕوانگەی «ڤیگۆتسکی»ـیەوە فێربوون وابەستەی تەمەنی بایەلۆژیی – هزری نییە، بەڵکو بەندە بە ڕادەی چەندییەتی کارلێکی زارۆک لەگەڵ ژینگە و ئامرازەکانی دوورووبەر*. بە دەربڕینێکی دیکە، کارلێکی زارۆک لەگەڵ کەرەسەتەکان، ڕاهێنان و هاوکاری زیاتری گەورەساڵان، کارکردنی زیاتر و پشتیوانی هەنگاوبەندی دەورووبەر، فاکتەرن بۆ ئەوەی منداڵێک زیاتر لە تەمەنی خۆی فێربێت و بزانێت. واتای گشتی دەکاتە: «فێربوون بەرۆگیرییە بۆ گەشەکردنی زهنی و تەمەنی هزری دەگونجێت پێش تەمەنی بایەلۆژی کەوێت بە کارلێکی زیاتر».

🔹 بۆ نموونە: هەمان منداڵی تەمەن 4 ساڵ، گەر لە ژینگەیەکی فرەکارلێک ژیانبکات، پشتیوانی زیاتری گەورەکانی هەبێت، بە ستراتیژێکی فیرکاری ڕێکخراو هاوکاری بکرێت و بەرکەوتن و کارلێکی «فیزیکی، کردەیی و زارەکی» زیاتری هەبێت ،دەتوانێت سەرکەوتووانە زیاتر لە ژمارەی دیاریکراو (30) فێربێت و بڵێتەوە، بنووسێت و بخوێنیتەوە. لەم فۆڕمەدا فێربوون و گەشە هزری بەندنییە بەتەمەن، بەڵکو وابەستەیە بە چەندییەتی کارلێک و کار.

*ئامرازەکانی دوورووبەر: کۆی کەرەستە و ئامرازەکان دەگرێتەوە، هەموو ئەو شتە زیندوو و نازیندووانە لەخۆدەگرێت کە لە ژیان و ژینگەی زارۆک بوونییان هەیە. مرۆڤەکان، کەرەستەکانی یاری، ئامرازە ئەلکترۆنییەکان، کەرەستەکان هەرە سادەکان تا هەرەئاڵۆزەکان…تاد

 

م.هاوکار عبداللە

سەرپەرشتیاری دامەزراوەی پەروەردەیی فام

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *