
کەم نین ئەو منداڵانەی گرفتارن بەدەست جیاکاری و بەراوردکاری لەلایەن خێزان و مامۆستاکانیان، کەمیش نین ئەو منداڵانەی بە هۆی ناڕێکی ڕووکاریی و جیاوازییە جەستەیی، هۆشەکی، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانەوە ڕووبەڕوی «تانە و توانج، پلار و بەروادکاری، نەفرەت و ئیهمال کردن» هاتوون. سەرئەنجام بە هۆی ئەو پەستانە دەروونییە-کۆمەڵایەتییە نادروستەوە تووشی «تەنیاخستن و پشتگوێخستن، پەراوێزخستن و دابڕانی دەروونی و کۆمەڵایەتی» بوونەوە. زۆرن ئەو منداڵانەی بەڕووخساریانەوە دیارە دەردەدارن لە دەست توانج و شکاندنەوە گەورەکانی دەروووبەر، بێ قەرارن بەهۆی ناڕێکی ڕیتمی کۆمەڵایەتی و بێ سەوادی کەسە نیزیکەکانیان.
»بێچوە مراوییە ناشیرنەکە» بەهێزترین چیرۆکە لە بارەی تەنیاخستن و شێواندنی مرۆڤ، جوانترین گوزاشتنامەیە لەمەڕ تێکشکاندی مرۆڤەکان لە لایەن کەرەکتەرە نێزیکەکانییەوە. ئەگەر لە تێگەیشتنی ڕووکاریدا ئەم چیرۆکە بۆ کۆمیدیا و کاتکوشتن بێت، لەجەوهەر و ناوەڕۆکدا هەڵگری واتای قووڵی دەروونناسیی- کۆمەڵاتییە.
دەشێت جیاوازییەکی زۆر لە سیما و شێوەی مرۆڤەکان هەبێت، ئاساییە توانست و ئاستی هۆشەکی و کۆمەڵایەتی منداڵەکان وەک یەک نەبیت و بەشێکیان زووتر پێشکەون، زووتر تێبگەن و پێبگەن، بەڵام هیچ جیاوازییەک نییە لە نیوان مرۆڤەکان بۆ ئەو پێویستییە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی کە بنچینەی ژیانن، هەموو مرۆڤێک بۆ ئەوەی وەک بوونەوەریکی زیندوو و ئەکتیڤ بمنێتەوە هەستگەلێک هەن دەبێت بیانجێژێت، لەوانەش: «متمانە، خۆشەویستی، هاوبەشی، سۆز، بەشداری، ستایشت، پشتوانی، هاندان. ئاسایش و …هتد» کە ئەرکی سەرەکی خێزان و قوتابخانەیە بەشێکی زۆر لەم پێویستییە دەروونییە دەستەبەر بکەن.
لە ئەگەری بێبەش بوونی منداڵ لە بەشێک لەم هەستە پۆزەتیڤە دەروونییە بنەڕەتیانە، دەبێتە هۆی دروستبوونی شەبەقی ڕۆحی و دەروونی کاریگەر کە بۆ هەمیشە وەک بوونیادی دەروونی-کۆمەڵایەتی لەتەکیا دەمینێتەوە و بە ڕوونی شوێنەوارەکانی پێوە دیارە. بەشێک لەمنداڵان هەر لەسەرەتایی ژیانەوە بەڕوونی لە ڕەفتار و گفتاری زۆرێک لە منداڵان دێتە بەر دید لە شێوەی: «کەنارگیری، شەرم، متمانەبەخۆنەبوون، ترس لە پەیوەندی و زۆر جاریش نواندی زەبروو زەنگ…هتد» لێیان دەدرەکەوێت.
منداڵەکان کە لەدایک دەبن بێ ناسنامەن، دایکوباوک بەرپرسە یەکەمن لە پێدانی ناسنامە و دروستکردنی شوناس. لە چیرۆکی «بێچوە مراوییە ناشیرین»ـکەدا هەر لە سەرەتاوە لە دایکبوونی مرواوییەکە بەشێوەیەکی زۆر نابەدڵەو و ناشوکرانە پیشوازی لێ دەکرێت، ئەم ڕەتکردنەوە سەرەتاییە دایکوباوک دەستپێشخەر و رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوانی دیکەش کە وەک بوونەوەریکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و تووشی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی سەخت بێت.
ئەم دیمەنە ئەگەر بچوێندرێت بە ژیانی خێزانێک، وەک ئەو خێزانایە کە لەبەرچاوی هەموان منداڵەکانیان دەشکێن، وەک ئەوەی باوکێک منداڵەکەی لە هەموو ڕوییەوکەوە بەراورد دەکات بە منداڵی دیکە، دایکێت بەردەوام سەرکۆنەکەر و توانجگۆیە، یان بەردەوام تێروانینێکی نێگەتیڤی بۆ کار و وتەی منداڵەکەی هەیە. ئەم ڕەفتارە و مامەڵە نادروستە لە هەموو بارێکدا دەبێتە کەتەلۆکیکی دەروونی-کۆمەڵایەتی شێواو و هەمیشەیی بۆ منداڵەکە، لە چەندان ڕەهەندەوە زیان لە منداڵەکە دەدات. لەسەرێکەوە ناسنامەیەکی دەروونی شیواو بنیاد دەنێت لە ژێر کاریگەری و پەستانی دایکوباوک، لەسەرێکی دیکە گوتاری دایکوباوکان دەبێتە ڕێخۆشکەر و ئاسانکاری بۆ کەسانی دیکە کە زۆر بە ئاسانی هێرشی بکەنەسەر و هەموو جۆرە پەیوەنییەکی لەگەڵ بلۆک بکەن.
ئەو وێنا رەتکراوە نیگەتیڤەی سەرەتا دایکوباوکی بۆ بێچوە مراوییەکەیان کێشا، بوو بە وێنایەک کە بۆ سەرجەم ژیانی لەگەڵی دەژیا و تائاستێک خودی بێچوە مراوییەکە لای خۆی ئەو باوەڕەی لا جێگیر کە ئەو ناشیرینە، بێزراو و جیاوازە. هەم ئەم داڕمانە دەروونییە وا دەکات لە چەندان شوێن و لە چەندان ئاست ڕەتدەکرێتەوە و وەک هاوکار و هاوڕێ قەبووڵ ناکرێت. بەمەش ڕووبەڕووی ناڕەحەتییەکی دەروونی قووڵ دەبێتەوە، مەگەر ئەو کەسەی ئەزموونی دەکات لە بار و سەختییەکەی تێبگات.
وێڕای ئەو ڕەتکردنەوە گشگیرەی «بێچوە مراوی»ـیەکە لە چەندان وێستگەی ژایانیدا تووشی دێت، بەڵام هێشتاش بەڕێکەوت کەسانێک هەن کە دەتوانن وەک بوونەوەرێکی ئاسایی مامەڵەکی بکەن و ببنە فریادرەس و پستیوان. ئەم پشتوانییە لەزۆر کاتدا دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و دەستپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ. ئەمە رێک ئەو ئەرکەیە کە دەبێت مامۆستاکان بیگرنە ئەستۆ، ببنە پەناگە و هیوا. نەک درێژە پێدەری هەم ڕیتمی نەرێنی دەرەوەی قوتابخانە بن.
گەر تێگەشتنمان هەبێت، لەم چیرکەوە فێردەبین دروستترە هەمیشە بایەخ و گرنگی، ڕۆڵ و سەنگ بدەینە ئەو کەسانەی بەهەر هۆکارێک بێت پەراویزخرواوان، بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خوێندکارانە بکەین، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان نائاسایی رەفتار دەکەن، قسەدەکەن…هتد. زۆر گرنگە مامۆستایان لە نیگا و سیمای قوتابییەکان تێبگەن و ئەو سیگناڵ و پەیمامە دەروونی و ئاکاریانە بخوێننەوە کە هەڵگری واتا و مانان. گرنگە مامۆستاکان بایەخ بە منداڵە خۆگر و بە پەرێزەکان بدەن.
پێویستە مامۆستاکان لەوە تێبگەن کە هەموو دۆخێکی نائاسایی قوتابییەکان پەیوەندی بە دۆخێکی ناڕێکەوە هەیە کە منداڵەک پێوەی دەرگیرە، هەرکات مامۆستایان توانیان ڕۆڵی ئەرێنی جیاواز لە دیدگای گشتی بگێرن و بە وردەکاریی و وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تاک بە تاکی خوێندکاران بکات و هەر قوتابییەیی پێویستییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دەستەبەر بکات، دەشێت ئەو کات بگوترێت شایستەی کارەکەیەتی و هتد…
م.هاوکار عبداللە
سەرپەرشتیاری دامەزراوەی پەروەردەیی فام