
جیاوازی نییە لە نێوان مامۆستایەک کە ئەزموون و کردەی ساڵانێک مامۆستایەتی هەبێت یان مامۆستایەک کە تازەکار بیت، بێشک تووشی جۆرێک لە سترێس دەبێت لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانە، هەرچەندی ئامادەش بێت. هەمان بار و زیاتریش بۆ خوێندکار دێتەپێش لە یەکەم ڕۆژدا کە تازەیە بە ژینگەی خوێندن و خوێندنگە و پێشتر بەر هەمچین دۆخێک نەکەوتووە. نادڵنیایی لە بارەی هاوڕێکانی، مامۆستاکانی، ئەرکەکانی ناوپۆل، هەروەها بەرکەوتنی لەگەڵ کەسانی تازە بەسن بۆ ئەوەی هەتا کراوەترین خوێندکار تووشی جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ بکەن.
بۆ پێشگرتن لەو دۆخە نەخوازراوە، مامۆستای چالاک و هاوچەرخ پێویستە پێشوەختە کۆمەڵێک ستراتیژی بگرێتەبەر کە بەرلەوەی ببن بە کێشە ڕێ لە ڕوودانیان بگرێت، وە ژینگەیەکی تەواو ئارام و ئەمان بۆ خوێندکارانی فەراهەم بکات، لەسەر ئەو بنەمایەی کە هەستکردن بە ئارامی کڕۆکی فێربوونە و دەکرێت لە هەمچین ژینگەیەکدا دەرفەتی چەندان چالاکی بۆ منداڵ درووستبکرێت کە مەودای فێربوونی فراوانتر بکات.
یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان سڵاوکردنی مامۆستایە بۆ خوێندکاران، کە بە ڕوویەکی گەشەوە سڵاو بکات و خۆناساندنێکی سادە بکات. زۆر گرنگە لەم هەنگاوەدا مامۆستا دەستنەبات بۆ باسکردن لە یاسا و ڕێسای ناوپۆل، وا باشترە لێیگەڕێت تا کاتێک کە خوێندکاران دەگەن بە جۆرێک لە دڵنیایی و لە زۆنی نائارامی و دڵەڕاوکێ دەرباز دەبن. دوابەدوای ئەمە، وا پەسەندە شێوازی دانیشتنی خوێندکاران و ڕیزکردنی کورسییەکان بە شێوی ڕووبەڕوو بێت، کە پێی دەوترێت (U-shape)، ئەمە وا دەکات بەرکەوتنی زیاتر هەبێت، وە ئاسانکارییە بۆ مامۆستا کە باشتر ئاگاداری هەموو خوێندکارەکان بێت.
لە سەرووی هەموویانەوە، مامۆستا پێویستە بزانێت کە یەکەم ڕۆژی قوتابخانە دەبێت جوانترین و خۆشترین ڕۆژ بێت بۆ منداڵان، چونکە هەر لەو ڕۆژەدا وێنای قوتابخانە و پۆل و مامۆستا لە یادگەی منداڵدا درووستدەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە چەندین یاری و چالاکی چێژبەخش ئاوێزانی مەرامی مامۆستا بکرێت و چەند ساتێکی ڕەنگاوڕەنگ و ئاڵوواڵا درووستبکرێت. یاری (هاوڕێکەت بدۆزەوە) یەکێکە لە یارییە هەرە کاریگەرەکان، تێیدا مامۆستا وێرکشیتێک دەدات بە خوێندکاران کە چەند حەز و خولیایەک پیشاندەدات، بە نمونە: (تۆپتۆپێن، مەلەکردن، ڕەنگکردن، یاری پەتپەتێن)، ئەو خوێندکارەی ڕەنگکردنی بە خولیای خۆی هەڵبژاردووە دەگەڕێت بەدوای خوێندکارێکی دیکەدا کە هەمان حەزی هەیە، بەم شێوەیە دەتوانن هاوڕێ بۆخۆیان پەیدا بکەن و هێواش هێواش بکەونە زۆنی ئاسوودەییەوە.
جێی باسە کە پێوەری سەرەکی بۆ مامۆستای هاوچەرخ گەڕانی بەردەوامییەتی بۆ بیرۆکە و چالاکی تازە و سەردەمیانە تا بەردەوام لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی خۆی بێت وەکو پەروەردەکار و فێرکار، هەروەها ببێت بە نمونەی باڵا و مۆدێل بۆ خوێندکارەکانی.
نووسینی: ژیلان سابیر
مامۆستا لە فام سکووڵ