فام هەڵبژاردەی ئەو کەسانەی بە باشترین نەبێ ڕازینین

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

ِلەدنیای سەرمایەداری نوێ دا کە ماددەگەرایی زاڵە بەسەر کۆی جومگەکانی ژیان و لەگشت لایەکەوە شوێنەوارەکانی ڕۆچووەتە ناو فەزای گشتییەوە، ئەرکی پەروەرشیار و بەڕێوبەر و پەروەردە سەختترە، چونکە خێرایی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا وهۆکارەکانی گەیاندن نەوەی ئێستای سەرقاڵ و مێشکی ئاڵۆز کردووە، بۆیە لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەرکی پەروەرشیاران و گەیاندنی پەیامی پەروەردەیی زۆر سەخت بووەو پێویستە ژیرانە بەهەنگاوی وورد و قۆناغبەندی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببینەوە.

لەڕاستیدا پەروەردەکردنی نەوەو وەچەی ئەم سەردەمە و لەم ژینگە ئاڵۆز و ناهەموارەدا بەبەراوورد بەوڵاتانی پێشکەوتوو وادەکات زۆرترین هەوڵ و هیممەت بخرێتە گەڕ بەباشترین میکانیزم و ڕێگا سەرکەوتووەکان.
چونکە چاندنی بەها باڵاکان و ڕەوشتە بەرزەکان لە ناخی قوتابیدا ئەرکە سەرەکیەکەیە و ئەوان هیوای دواڕۆژی گەلێکن و ووڵات و نیشتیمان پێویستی پێیانە.
ـ کارکردن لەسەر ئەو بنەما پەروەردەیی و ڕەوشتە باڵاکان پێویستی بەپلانی دوور مەودا هەیە و بەرپرسیاریەتی سەرشانی بەڕێوبەرانی پەروەردەیی زیاتر دەبێت.
ـ کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان کوالێتی ئاستی زانستی لەقۆناغی ئامادەیی دا یەکێکە لەهەر کار گرنگ و پێویستیەکان ئەرکێکی گرنگ و گەورەیە بۆ قوتابیان .
ـ پەرەدان بە دروست کردنی تاکێکی دڵسۆز و ڕاستگۆ و خزمەتکار بەنیشتیمان و ووڵات و پاراستنی ژیان و ژینگە زامنی بەدیهێنانی خەونەکانی هەر گەلێکە و قوتابیان باشترین چین و توێژن کە کاریان لەسەر بکرێت و ئامادەسازیان بۆ بکرێت، تا ببنە باشترین کەس و بەرەو بەرەوپێش چوون کۆمەڵگا ئاڕاستە بکەن و قوتابیەکی کارا و کارامەیان لێ بەرهەم بێت.

ـ لەم زەمینە ناهەموار و ناسازەدا لەپێناو هاتنەدی باشترین دۆخی پەروەردەیی، پێویستە قوتابیان لەسەر وانەکانی لێبووردەیی و میهرەبانی و گیانی هاوکاری ڕاهێنرێن و فێربکرێن بەشێوەی تیم و گرووپ و کۆمەڵ کاربکەن، تۆوی خۆشەویستی و نەمامی جوانی بچێنن و لەناخیان دا جوانی و ئەوین چرۆ و گەشە بکات و ڕۆحیەتی بەیەکەوەیی لەهەست و دەروونیان دا پڕشنگ بدات. دوور بکەونەوە لەخودپەسندی و خۆپەسندی.

م.ئاکام ئاسۆس حمە